#Human Rights
Target:
بۆ لیژنەی نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان
Region:
Iraq
Website:
penusakan.com

نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور ئەرکێکی گەورەیە کە ئاسەوار و کاریگەری درێژخایەنی دەبێت بۆ ئێستە و نەوەکانی داهاتوو لە کوردستاندا. لێرەوە بەرپرسیارێتی ئێوە لە نوسینەوەی ئەم دەستوورەدا لە بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگە کە ژنان و کچانن زۆر گەورەیە و پیویستی بە سەرنجدانێکی هەمەلایەنەیە.

لەم سۆنگەیەوە ئێمەی واژۆکەرانی ئەم نامەیە، بە پیویستی دەزانین کە سەرنجتان ڕاکێشین بۆ بارودۆخی ژنان و کچان لە هەرێمی کوردستان .بەشێکی گەورەی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە دەگەڕێتەوە بۆ جێگە و ڕێگەی ژنان و مافەکانیان لە نێو یاساکاندا، بە تایبەت هەردوو یاسای باری کەسێتی و یاسای سزادان.

بەڕیزان، ٢٠ ساڵ زیاترە ژنان دەرگیری کێشەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر و جیاکاری و هەڵاواردنن لە کۆمەڵگەدا. ئامارە فەرمیەکانی بەڕیوەبەرایەتی دژی توندوتیژی لەسەر ژنان هەر سێ مانگ جارێک کۆمەڵگە دەهەژێنیتەوە بە ژمارە بێ شومارەکانی توندوتیژی و جۆرەکانی لە دژی ژنان و کچان لە هەرێمی کوردستاندا. لە کاتێکدا کە ئەم ئامارانە زۆر کەمترن لە ژمارەی راستەقینەی ئەو توندوتیژیەی کە بە فراوانی لە شار و شارۆچکە و لادێیەکی کوردستاندا ڕوودەدات، هێشتا ژمارەی قوربانیەکانی کوشتنی ژنان لەسەر ناموس و شەرەف ، لێدان و توندوتیژیی جەستەیی، خەتەنەکردنی کچانی منداڵ، بەزۆر بە شوودان و دەستدرێژی جنسی و لە هەموو ئەمانەش مەترسیدار تر دیاردەی خۆکوشتن و خۆسوتاندن بە هۆی کێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە ساڵ بە ساڵ روو لەسەرن.

ئێمە بڕوامان وایە کە ئەم توندوتیژییانە کە بووەتە کەلتوورێکی باوی نێو کۆمەڵگە ئیلهام لە جیاکاری و هەڵاواردنی نێو یاساکان
وەردەگرن و پشتی پێ دەبەستن و راستەوخۆ ئاکامی پلەدووییی ژنان و مافەکانیانە لە نێو یاساکاندا. لە نێو سیستەمی دادوەریشدا هەر بەهۆی هەڵاواردنی یاساوە بە هەزاران ژن گیرۆدەی جیاکاری و بیرۆکراتیەتن لە پرۆسەکانی جیابونەوە و یەکلاییبونەوەی سەرپەرشتی منداڵ و نەفەقە و میراتی، هتد. بە جۆڕیک کە زۆر جار ژنان خۆیان وادار دەبن بە پەنابردن بۆ سوڵحی خێڵەکی دوور لە یاسا و لەوێشدا هەمیشە دەبنەوە قوربانی ئەم ڕێککەوتنانە. ئەو ژن و مندالانەی کە دووچاری توندوتیژی دەبن، بەهۆی نەبوونی یاسایەک بۆ پاراستنیان بێبەشن لە خزمەتگوزاری شایستە بۆ فریاکەوتن و پاراستن و دابینکردنی ژیانیان دوور لە بارودۆخی توندوتیژی نێو خێزان. ئەمانە و دەیان جۆری تر لە بێمافی زادەی بەرجەستەنەبوون و سەقامگیرنەکردنی مافی یەکسانی ژن و پیاوە لە یاسادا. بە جۆرێک کە دیاردەکانی هەڵاواردن و جیاکاری و توندوتیژی لە دژی ژنان بووەتە کارێکی ئاسایی. ئەوەی کە زۆر ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە یاساکانی ھەرێم پڕن لە جیاکاری و هەڵاواردن لە دژی ژنان و بە تایبەت هەردوو یاسای باری کەسێتی و سزادان کە بە شیوەیەکی سەرەکی پشتیان بەستووە بە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام.

لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە گۆشەیەکی کەمی ئەو هەڵاواردنانە دەەدەین:

• لە یاسای باری کەسێتیدا ژنان و پیاوان یەکسان نیین لە پرۆسەی هاوسەرگیری و جیابونەوە و میراتی و سەرپەرشتی منداڵدا.

• فرەژنی جێگیر کراوە بە چەند مەرجێکەوە.

• لە یاسای سزاداندا ژنان لەسەر لەباربردنی منداڵ سزادەدرێن بە بێ لەبەرجاو گرتنی بارودۆخێک کە تیایدا ئەو کارەیان ئەنجامداوە لەوانە باری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و مەترسی تر.

• لە کاتی دەستدرێژی جنسی بۆ سەریان لە لایەن ئەندامانی پلە یەکی خیزانەوە، ئەوانیش بە تاوانبار هەژمار دەکرێن و سزا دەدرین لە کاتێکدا کە ئەوان قوربانی یەکەمی ئەو تاوانەن.

• لە کاتی دەستدرێژی جنسی کەسێک بۆ سەریان کە تاوانێکی گەورەیە تاوانبار سزاکەی دەکەوێت ئەگەر هاتوو رازی بوو بە هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانیەکەی.

ئەمانە تەنها چەند نمونەیەکی کەمن لە هەردوو یاساکەدا کە بە ئاشکرا جیاکاری و هەڵاواردن دەکات لە نێوان ژن و پیاودا. جێگەی خۆیەتی کە ئەوە پشتڕاستکەینەوە کە هەموو ئەم بەندانە پشتیان بە شەریعەتی ئیسلام بەستووە و دژی بنەماکانی مافی یەکسانی ژن و پیا و و جاڕنامە جیهانیەکانی مافی مرۆڤن.

لە پێناو کۆتاییهێنان بە جیاکاری و هەڵاواردن لە دژی ژنان لە یاسادا، پێویستە دەستووری هەرێم دوور لە دەسەڵاتی دیین و هەرجۆرە ئایدۆلۆجیایەکی تر بنوسرێتەوە . پیویستە پشت ببەستێت بە بنەماکانی مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و یەکسانی ژن و پیاو و جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا. بۆ ئەمەش:

ا1. پێویستە کە مادەی ٦ و مادەی ٣٠ لەو رەشنووسی دەستوورەی بەردەست ئێوە بە تەواوی لاببرێت چونکە مادەی ٦ جارێکی کە نەک هەر لە ئێستادا بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتوومان جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە یاساکان دەبێت پشت بەستوو بن بە شەریعەتی ئیسلام. هەروەها مادەی ٣٠ دەیەوێت کە یاسای باری کەسێتی تایبەت بە دینەکانی تر دامەزرێنیت . جێگیر کردنی ئەم دوو مادەیە لە دەستووردا دریژە دەدات بەم بارودۆخە ناهەموارەی کە ژنان دوو دەیەیە تێیکوتوون و هەروەها ئاسەواری درێژخایەن و کارەساتباری دەبێت بۆ ژیان و سەلامەتی ژنان لە ئێستا و لە داهاتوودا.

2. پێویستە دەستوور مادەیەکی تایبەتی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو راگەیەنێت لە پاڵ پاراستنی مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و ئازادی رادەربڕین و ئازادی تاکە کەسی.

3. پێویستە دەستوور پاراستنی ژنان و منداڵان لە دەست توند و تیژی و دەستدرێژی و هەموو جۆرە مەترسیەکی تر وەک ئەرکێکی دەستووری جێگیر بکات.

4. دابینکردنی بودجەی پیویست بۆ پاراستنی ژیان و دابینکردنی گوزەرانی قوربانیەکان بکاتە ئەرکی هەر دەسەڵات و حکومەتێک کە لە هەرێمی کوردستان لەسەر کار دەبێت.

GoPetition respects your privacy.

The دەستوور پاراستن petition to بۆ لیژنەی نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان was written by SaiedSanandej and is in the category Human Rights at GoPetition.